جیهان

مووشەکێک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانیی لە ڕۆژئاوای یەمەن کەوتەخوارەوە

23/05/2024
kashti yaman

دەنگوباس

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەریتانیا "UKMTO" ڕایگەیاند، کە مووشەکێک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانیی لە باشووری پارێزگای حودەیدە ڕۆژئاوای یەمەن، کەوتووەتە خوارەوە.

دەستەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاگادارکراونەتەوە کە مووشەکێک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانیی بە دووری ٩٨ میل باشووری پارێزگای حودەیدە کەوتووەتە خوارەوە.

باسی لەوەش کردووە کە ھێرشەکە، زیانی گیانی و ماددەی نەبووە و ڕایگەیاندووە کە  لێکۆڵینەوەیان لە ھێرشەکە دەست پێ کردووە.

ھەروەھا داوای لە تیمەکانی نێو کەشتییەکان لە دەریای سوور کردووە کە رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گیانیان بگرنەبەر و ھەر چالاکییەکی گوماناویشیان بەدی کرد، ئەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێی ئاگادار بکەنەوە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، لەو کاتەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە شەڕی سەر کەرتی غەززە دەستی پێ کردووە، ئەمە ٧٣ھەمین ھێرشە کە لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.

تا ئێستا حووسییەکان، ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.


#جیهان