دەنگوباس
سێ ئەندامی هێزێکی ئەمنیی یەکێتی بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکووک دەستگیرکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە "دەنگوباس"ی ڕاگەیاند، سێ ئەندامی سەر بە هێزی دژە تیرۆری یەکێتی بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکووک دەستگیرکراون.
ڕوونیشیکردەوە، تۆمەتبارەکان کە سەر بە فەرماندەیەکی دژە تیرۆرن بە ناوی "ل م"، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکووک ئامادە نەبوو وردەکاری زیاتر دەربارەی لێکۆڵینەوەکان و پاڵنەری پشت سووتاندنی قەیسەرییەکەی ئاشکرا بکات.
ڕۆژی 19ی ئەم مانگە بازاڕی قەیسەری کەرکووک گڕی گرت و بە هۆیەوە نزیکەی 100 دوکان و کۆگا سووتان.
قەیسەری کەرکووک یەکێکە لە شوێنە دێرینەکانی کەرکووک و مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1883 دەگەڕێتەوە.
#کەرکووک
#باشووری کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان