رۆژهەڵاتی ناوەراست

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە: بەبێ ڤیزای حەج، توخنی مەککە نەکەون

23/05/2024

دەنگوباس

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە هۆشداری دایە ئەو کەسانەی بە ڤیزای جۆراوجۆر سەردانی وڵاتەکەیان کردووە و داوای لێ کردن نەچنە شاری مەککەی پیرۆز و بە پێچەوانەشەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ڕایگەیاند، جگە لە ڤیزای تایبەتی حەج، ڕێ بە هەڵگرانی هیچ جۆرە ڤیزایەکی دیکە نادرێت لە وەرزی حەجدا بچنە شاری مەککەی پیرۆز.
وەزارەتەکە داواشی لە گەشتیاران کرد  لە ماوەی نێوان 15- زیلقەعدە-15ی زیلحەججە نە بچنە مەککە و نە لەوێ بمێننەوە، بە پێچەوانەشەوە بە پێی یاسا و ڕێساکانی سعودیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکار و پلانانەی بۆ پاراستنی سەلامەتی حاجییان داڕێژراون.
بەرپرسانی سعودیە پێشبینی دەکەن ژمارەی حاجییانی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس.


#سعودیە
#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست