کوردستان

هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دوکان ئاشکرا کرا

22/05/2024

دەنگوباس

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، هۆکاری مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دوکان بۆ ئەنفلۆنزای باڵندە دەگەڕێتەوە.
سامر حەبیب، بەڕێوەبەری گشتی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، ئەنفلۆنزای باڵندە کە بە “H5N1” ناسراوە، لە نێو نەورەسەکانی دوکان بڵاوبووەتەوە.
ڕوونیشێکردەوە کە سەرجەم ڤێتێرنەرییەکانیان ڕاسپاردووە ئەوپەڕی چاودێریی پرۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر و شوێنەکانی فرۆشتنی باڵندە بکەن و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی گوماناویدا سامپڵ بۆ تاقیگەی ناوەندیی بەغدا ڕەوانە بکەن.
پێشتریش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندبوو کە گومان هەیە نەورەسەکان بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەوە مرداربووبێتنەوە.
هەفتەی ڕابردووش باڵندە مرداربووەکان لە دورگەکەی دوکان کۆکرانەوە و لەناوبران.


#تەندروستی
#باشووری کوردستان