کوردستان

سەعدی ئەحمەد پیرە: یەکێتی بەهیچ شێوەیەک و هیچ جارێک داوای نەمانی کورسی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان نەکردووە

21/05/2024
sa3di ahmad pira

دەنگوباس

دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان بۆ دیاری كردنی 5 كورسی بۆ پێكهاتەكان لە كۆی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەگرین و هەرگیز یەکێتی لەگەڵ نەمانی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نەبووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند، یەکێتی بەهیچ شێوەیەک و هیچ جارێک داوای نەمانی کورسی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان نەکردووە و ئێمە دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت.

وتەبێژی یەکێتی وتیشی، یەکێتی دڵنیایی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە دەکاتەوە، چونکە پێمانوایە هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستی بە حکومەت و پەرلەمانێکی کارا هەیە و ئەمەش تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئایار، دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، کۆمسیۆنی پابەندکرد بە دیاریکردنی پێنج کورسی پەرلەمانی بۆ پێکهاتەکانی کوردستان، لەکۆی ئەو 100 کورسییەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لێدابوو.


#باشووری کوردستان