دەنگوباس
لەبارەی پێدانی دەرزی گەشە بۆ ئەو منداڵانەی پێویستیانە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان ئاگاداری دایكان و باوكان دەكاتەوە، كە لە هەفتەی داهاتووەوە ئەو جۆرە دەرزییە بەردەست دەبێت.
نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویکردەوە، بۆ هەموو ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی دەرزی گەشە سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، لە هەفتەی داهاتووەوە لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە دەرزیەكە بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێیەتی و لیژنە بۆی نووسیون بەردەست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی دواكەوتنی ناردنی دەرزییەكە لە بەغداوە ماوە ماوە كێشەی نەمانی دەرزی گەشە لە نەخۆشخانەی منداڵان دروست دەبێت.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەكە، لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 600 منداڵ دەرزی گەشەیان بۆ بەكاردەهێنرێت، كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت.
#باشووری کوردستان