کوردستان

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕێکارەکانی بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند

21/05/2024
tay xwenbarbun

دەنگوباس

 بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان چەند ڕێكارێكی ڕاگەیاند و جەختی كردەوە، پێویستە سەربڕینی ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەكان بێت و بەپشكنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بكەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر رێگە و شەقام و لاكۆڵانەكان قەدەغەیە.

لە بەشێكی پارێزگاكانی عێراق نەخۆشی تای خوێنبەربوون، كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ڕێگەی “گەنە”ەوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بڵاوبووەتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا نەخۆشێكی خەڵكی كەركووك، كە تووشی ئەو نەخۆشیە بوو بوو لە نەخۆشخانەی سلێمانی خەوێنرا و دوای چارەسەر و چاكبوونەوەی ڕەوانەی ماڵەوە كرایەوە.

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە پێناو رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان، كە ئێستا هەندێك پارێزگای عێراقی گرتووەتەوە، چەند ڕێكارێكی گرتەبەر.

رێكارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ:
یەكەم/
پێویستە سەربڕینی ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەكان بێت و بەپشكنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بكەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا و شەقام و لاكۆڵانەكان قەدەغەیە.

دووەم/ پشكنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەكان بكرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.

سێیەم/ پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەكارهێنانی كەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەكان ڕەچاو بكرێت.

چوارەم/ پێویستە لە خاڵە سنووری و فڕۆكەخانەكان، پشكنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بكرێت كە دێنە نێو هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.

پێنجەم/ وەزارەت ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینكردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) كە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەكان و ئەم هەڵمەتە هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

شەشەم/ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە دەرەوە و نێو هەرێم و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی كە نەخۆشییەكە تیایاندا بڵاوبووەتەوە.


#باشووری کوردستان