دەنگوباس
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە خشتەی یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤یان لە حکومەت وەرگرتووە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران، سەفوان بەشیر گەرگەری خشتەی یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ی لە حکوومەت وەرگرتووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە سەفوان بەشیر گەرگەری ڕایگەیاندووە، کە خشتەی یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ بە ئامانجی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی، دەخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا خشتەی یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند کرد.
هاوكات، ئەمڕۆ عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، خشتەی بودجەی 2024 گەیشتووەتە ئەنجومەنەكە كە بڕەكەی 210 ترلیۆن دینارە و كورتهێنانەكەی 66 ترلیۆنە و 55 ترلیۆنیش بۆ وەبەرهێنانە، پێویستە تا 9ی حوزەیران دەنگدان لەسەر بودجەكە بكرێت.
ساڵی ڕابردوو، حکومەتی عێراق، یاسای بوودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد کە قەبارەکەی بۆ ھەر ساڵێک ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.
#عێراق