جیهان

ڕووسیا: ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێگرن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین

21/05/2024
russia

دەنگوباس

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێگرن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین".

لاڤرۆڤ دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای کە لە ئاستانای پایتەختی قەزاقستان بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد.

سێرگی لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ پێکهێانی دەوڵەتی فەڵەستین سەرناگرێت و ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێگرن لە درووستبوونی ئەو دەوڵەتە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای جەختکردنەوە کە گرنگی پێکهاتنی دەوڵەتی فەڵەستینی، وتی، لە کۆبوونەوەکانماندا تاوتوێی ئەوەمان کردووە کە گەرەنتی کردنی سەقامگیری لە ناوچەکە بە بێ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین ناکرێت.

لاڤرۆڤ هەروەها ئاماژەی بە دۆخی وڵاتانی ئاسیاش کرد و وتی، ڕۆژئاوا بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئەو ناوچانە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. نوێنەرانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا دەیانەوێ پێکهاتەی خۆیان بەسەر ناوچەکە بسەپێنن و وڵاتانی ناوچەکەش بخەنە ژێر ڕکێڤی خۆیان.

 


#جیهان