دەنگوباس
جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی لەبارەی گەڕانەوەی کورسی کۆتاکانەوە ڕایگەیاند، "نا دادپەروەری هەیە لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکان".
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پاش ئەوەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بڕیاری گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان بە بەشداری پێکهاتەکان، بڕیارماندا بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە بەشداری پێکهاتەکان بەشدارە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، نا دادپەروەری لە گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان هەیە بە تایبەتی لە پشکی پێکهاتەی تورکمان، چونکە ٪٩٥ پێکهاتەی تورکمان لە پارێزگای هەولێرە، بەڵام تەنها یەک کورسی بۆ دیاریکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، داوادەکەین وەک پێکهاتەکان لە عێراق لەسەر ئاستی یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەین، نەک چوار بازنە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا لە کۆی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان پێنجیان بۆ پێکهاتەکان دیاری بکرێت، دووان بۆ هەولێر، دوو بۆ سلێمانی و یەکێکیش بۆ دهۆک دابەش کراوە.
لە هەولێر و سلێمانی دوو کورسی بۆ کریستیانەکان و دوو بۆ تورکمانەکان تەرخان کراوە و ئەوەی دهۆکیش بۆ ئەرمەنەکان دەبێت.
ڕۆژی 21ـی شوباتی ڕابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە و بەوەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 بۆ 100 کورسی کەمکرایەوە.
#باشووری کوردستان