دەنگوباس
دادگای باڵای فیدراڵی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ دەکات.
بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، دانیشتنی یەکەمی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت کە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆماری کردووە.
لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگا کراوە بڕیاری نادەستووریبوونی ماددەی 2ی سیستمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات و فەرمانیش بۆ ڕاگرتن و هەڵپەساردنی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات.
سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەت تایبەتە بە شێوازی دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا و بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە تاوتوێ بکرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی دیکە تاوتوێ دەکات کە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی 2023ی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق و وەزیرانی دارایی هەرێم و فیدراڵی تۆمار کراوە.
#ئابووری
#باشووری کوردستان
#عێراق