دەنگوباس
بەمەبەستی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بێگەرد تاڵەبانی سەردانی بەغدای کرد.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە شاندەکەی هەرێم لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و تیمی هونەری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبونەوە. دواتر لەگەڵ لیژنەی 57 کۆبوونەوە کە تایبەت بوو بە بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنم.
وەزارەتی کشتوکسڵی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر مافی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کرا، لە چوارچێوەی هەموو ئەو رێککارانەی کە ئەمساڵ گیراوەتەبەر، بۆ سەلماندنی راستی و دروستی داتا و زانیارییەکانی جوتیارانی هەرێم، تاوەکو بەهەمان شێوەی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرهەمی گەنمەکەیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێوان هەردوولادا تارادەیەک لێک تێگەیشتن هەبوو، بەلام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی گەنم، شاندەکەی هەرێم جەختیانکردەوە کە ئەمساڵ دەبێ لەسەر بنەمای بڕشتی گەنم واتە (غلە) بۆ هەر دۆنمێک چەند لە جوتیارانی عێراق وەردەگیرێت بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت، تیمەکەی حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر جەختیاندەکردەوە لەسەر بابەتی دانانی ڕێژەیەک بە پێی ئەو داتایانەی ساڵانی ڕابردوو، شاندی هەرێم دانانی ڕێژەیان پەسەند نەکرد وە بۆ دەستەبەرکردنی مافی جوتیاران بڕیارە ئەمشەو و بەیانی چەند کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامبدرێت.
#باشووری کوردستان