کوردستان

کاروان یاروەیس: لەژێر هیچ ناو و مەبەستێكدا ڕێگە نادەین دەستكاری گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكرێن

20/05/2024
karwan yarwais

دەنگوباس

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی تیمێكی پسپۆڕەوە پشكنینی زانستی بۆ گۆڕەبەكۆمەڵەكانی سەماوە ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە زۆربەی قوربانیەكان ژن و مناڵن.

كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، كەسوكاری ئەنفالكراون دڵنیادەكەینەوە كە لەژێر هیچ ناو و مەبەستێكدا ڕێگە نادەین دەستكاری گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكرێن بشێوێندرێن لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، هەر لەو چوارچیوەیەشدا لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بەدواداچوونمان كردووە بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵداوە و تێكدانی ژمارەیەك لە گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوانی گەرمیان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ نیگەرانی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان لەبارەی تێكدان و دەستكاری كردنی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی جینۆسایدی ئەنفال لە ناوچەی تەلشێخی سەماوە، تیمێكی بەرێوەبەرایەتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان چوونەتە تەلشێخ و پشكنینی زانستی سەرەتاییان ئەنجامداوە و بەدواداچوونیان كردووەو بەڵام بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما لەو ناوچەیە نەتواندراوە درێژە بەكارەكانیان بدەن، بەڵام بەدڵنیایی بەدواداچوونەكانیان بەردەوامی دەبێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پشكنینی سەرەتایی كە بۆ دوو گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوان ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە زۆربەی قوربانیەكانی ناو ئەو دوو گۆڕە بەكۆمەڵە ژن و مناڵن، هاوكات تا ئێستا لەو ناوچەیە چوار گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵی جینۆسایدی ئەنفال هەڵدراونەتەوە دەركەوتووە كە قوربانیانی ناو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە ئەنفالكراوانی گەرمیانن، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراقمان ڕاسپاردووە كە دەبێت گۆڕەبەكۆمەڵەكان بپارێزرێن و بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕەبەكۆمەڵەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.


#باشووری کوردستان