کوردستان

دادوەرێكی سلێمانی بوو بە ئەندامی دادگای فیدڕاڵی عێراق

20/05/2024
dadgai fidrali

دەنگوباس

دادوەرێكی كورد، كە پێشتر سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بوو، ئەمڕۆ وەک ئەندامی دادگای فیدڕاڵی لەبەردەم سەرۆك كۆماری عێراق سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق بڵاویكردەوە، دادوەر جاسم جەزا جافر، لەبەردەم لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراقدا، سوێندی یاسایی خوارد و وەک ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستبەکاربوو.

لای خۆشیەوە، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەردەم سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، دادوەر جاسم جەزا جافر سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی بە مەرسومێکی کۆماری وەك ئەندامی یەدەگ لە دادگای باڵای فیدراڵی دامەزرێندرا.

سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، لەو ڕۆڵەی سپێردراوە بە دادوەران لە بەرزکردنەوەی شکۆی دەوڵەت و خزمەتکردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاماژەیکرد بە گرنگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی و پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.

لەلایەن خۆیەوە دادوەر جاسم جەزا جافر پابەندبوونی خۆی دوپاتکردەوە بۆ کارکردن لەپێناو دەرخستنی ڕاستییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ژیانی گشتی کۆمەڵایەتی رێکدەخەن.

 

 


#باشووری کوردستان
#عێراق