رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق ڕۆژێک ماتەمینی گشتی بۆ گیان لە دەستدانی ڕەئیسی ڕاگەیاند

20/05/2024
ibrahim raisi

دەنگوباس

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی ئێران کرد بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی بەھۆی تێکشکانی ھێلیکۆپتەرەکەیان لە باکووری ئێران، هاوکات حکومەتی عێراق یەک ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی ڕاگەیاند.

لەمبارەیەوە باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، وەک دەربڕینی ھاوخەمی و ھاوسۆزییەک بۆ گەلی ئێران بۆ گیان لەدەدستدانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و چەند بەرپرسێکی دیکەی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ھێلیکۆپتەرەکەیان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، حکومەتی عێراق سبەی سێشەممە ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە سەرانسەری عێراق ڕادەگەیەنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە ھەلیکۆپتەرێک کە سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان چەند بەرپرسێکی ئێرانی ھەڵگرتبوو، دوای گەڕانەوەی لە بەسەرکردنەوەی ھەوڵەکانی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان، بەھۆی نالەباری کەشوھەواوە کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.


#ئێران