کوردستان

وەزارەتی دارایی: ٢٥ هەزار فەرمانبەر لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت

20/05/2024
hazhmari mn

دەنگوباس

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.

ڕاشیگەیاند، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئامانج لە پڕۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات، کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت.

دووپاتی کردەوە، هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات، هەر بۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری.

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق.

باسی لەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە ٨٤ ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاوڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی کەوا شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاری دەکرێن، تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن.


#باشووری کوردستان
#مووچە