دەنگوباس
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی خێرا دەكرێن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی كرا، كە لە چەند ڕۆژی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە داوا لە سەرجەم شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پڕۆسەكە بكەن و لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشانبكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، ئەمڕۆ سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.
لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پڕۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێكران.
هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابینبكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینیبكەن، هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ رووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوە و وتی، "دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و رێكوپێكی بەڕێوەبچێت".
#باشووری کوردستان