رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی تاوتوێ کرد

18/05/2024
parlamani iraq

دەنگوباس

ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە لە میانیدا، کۆتایی ھێنا بە تاوتوێکردنی پێشنیازەیاسای پشووە فەرمییەکان و تاوتوێکردنی پێشنیازەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.

فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی موحسن مەندەلاوی ئەنجامدراوە.

ڕاشیگەیاندووە، کە لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٢٥٨یان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئامادەبوون.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ یەک مانگ دراوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی ھێناوە بە تاوتوێکردنی پێشنیازەیاسای پشووە فەرمییەکان و تاوتوێکردنی پێشنیازەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.

پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای ھەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی کردبوو و ئەمڕۆش خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاساكە کرد.

چاوەڕان دەکرێت لە دانیشتنەکانی داھاتووی ئەنوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی سێیەم بۆ پێشنیازەیاساکە بکرێت، بۆ ئەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، درێژبکرێتەوە.

بڕیاربوو لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،  سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە ھەڵبژێردرێت کە ڕکابەرییەکەش لەنێوان کاندیدی پارتی تەقەدووم، مەحموود مەشھەدانی و کاندیدی ھاوپەیمانی سەروەریی، سالم عیساوی دابوو، بەڵام کەسیان سەرکەوتوو نەبوون بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی دەنگی زۆرینەی ڕەها بەدەدستبهێنن.


#عێراق