دەنگوباس
ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی "گەورە تیرۆیستێک" بەناوی "سوقرات خەلیل، ناسراو بە عەبدوڵا ئەلتەفخیخ" ڕاگەیاند، کە کەسێکی نزیک و باوەڕپێکراوێکی گەورەی خەلیفەی داعش بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵا ئەلتەفخیخ لە ساڵی 2013وە پەیوەندیی بە داعشەوە کردووە و لە بەشی بۆمبڕێژکردن "تفخیخ" کاری کردووە، ڕۆڵێکی گەورەیشی هەبووە لە داگیرکردنی شاری موسڵ لە حوزەیرانی 2014 لەلایەن داعشەوە، لە تۆمارەکانی داعشدا بەناوی "ئوسامە خەلیل ئیسماعیل حەموود ئەلحەمدونی" تۆمار کراوە، چەندین پلەی ئەمیریی هەبووە و لە بەشی بۆمبڕێژکردنی ویلایەتی موسڵی داعش بووە.
ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو ساڵی 2017 عەبدوڵا ئەلتەفخیخ لە شاری موسڵ بووە و بەشداریی لە تەواوی شەڕەکانی داعش بۆ بەرگری لە موسڵ کردووە؛ دواتر چووەتە سووریا و لەوێ لەلایەن حاجی عەبدوڵا "ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی پێشووتری داعش" چەندین ئەرکی ئەمنیی پێ سپێردراوە.
ساڵی 2018 بە فەرمانی خەلیفەی داعش و بە پاسپۆرتی فەرمی و بەناوی "عەمار حازم محەممەد" کە ناوێکی ساختە بووە، گەڕاوەتەوە موسڵ و بڕی 5 ملیۆن دۆلاری داعشی لە مەدینە قەدیمەی موسڵ دەرهێناوە و گەیاندوویەتیە دەستی قیاداتی داعش، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا خراوەتەڕوو.
#باشووری کوردستان