رۆژهەڵاتی ناوەراست

ئاسایشی عێراق ئەندامێکی فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار و ئاسایشێکی سلێمانی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرد

17/05/2024
asaishy iraq

دەنگوباس

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی تۆڕێکی قاچاخچێتی و بازرگانی ماددە هۆشبەریان دەستگیرکرد کە 20 کیلۆ کریستاڵیان لە پارێزگاکاندا ساغ کردووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند، بە هاوکاری ئاسایشی سلێمانی تۆڕێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد، کە یەکێکیان کۆگای ماددەی هۆشبەری لە سلێمانی هەبووە و لە کەرکووک دەستگیرکراوە.

ڕوونیشیکردەوە، کە ئەندامێکی دیکەی تۆڕەکەش سەر بە هێزە ئەمنییەکان بووە و، لە چەمچەماڵ ئەرکی دابەشكردنی ماددە هۆشبەرەکانی لە ئەستۆدا بووە.

سێیەمیشیان لە بەغدا دەستگیرکراوە کە ئەندامی فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار بووە، و ئەرکی هەڵگرتنی ماددە هۆشبەرەکان بووە لە شوێنی کارەکەیدا لە بەغدا، تۆڕێکی ساغکردنەوەی ماددەکانی لە ناوخۆی بەغدا دروست کردووە.

ئاسایشی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەیەک بازرگانی دیکەی سەر بەو تۆڕە دەستگیرکراون.


#عێراق