راپۆرت و چاوپێکەوتن

تورکمان چاویان لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ گەڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان

17/05/2024

دەنگوباس

دژی هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، بەشێک لە پێکهاتەکان بە جیا سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی ١٩ی ئایار، لە دانیشتنی دادگادا، چارەنووسی سکاڵاکان یەکلابکرێتەوە.
ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی بڕیاریدا بە ھەڵوەشانەوەی ١١ کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کە پشتر بۆ پێکھاتەی تورکمان، کریستیان و ئەرمەن تەرخانکرابوو.
ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی جگە لە ناڕەزایەتی پێکهاتەکان، هاوکات ناڕەزایی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیشی لێکەوتەوە و، پارتی دیموکراتی کوردستان، گەڕانەوەی کورسی کۆتای کردە یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و دوای ژمارەیەک دیدار و گفتوگۆ، دواجار مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد.
دوای ئەوەش هەر دژی هەڵوەشانەوەی کۆتا، بەشێک لە پێکهاتەکان بە جیا سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی ١٩ی ئایار، لە دانیشتنی دادگادا، چارەنووسی سکاڵاکان یەکلاییبکرێتەوە.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان یەکێک لەو کەسانەیە کە سکاڵای دژی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا تۆمار کردووە و لەبارەی ناوەرۆکی سکاڵاکەی وتی: “پێشتر دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێکی دەرکردبوو کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە ١١١ کورسی بۆ ١٠٠ کورسی کەمکردەوە، هەروەها لە ماددەی ٣٦دا، ١١ کورسی کۆتای هەڵوەشاندەوە، ئێمەش وەک نوێنەرانی پێکهاتەکان، بە ڕێگای نوێنەرە یاساییەکانمان بەدواداچوونمان کرد بۆ ئەوەی مافەکانمان بگەڕێتەوە و دوای ئەوەی کە موفاتەحەی دادگای باڵای فیدڕاڵێمان کرد، لەوێ پێیانڕاگەیاندین کە دادگا سیستەمی کۆتای هەڵنەوەشاندووەتەوە بەڵکو گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکان کردووە لەسەر بنەمای ئەو ڕێکارانەی کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گرتوویەتییە بەر کە لەوێدا کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان نەکراوە”.
محەمەد سەعدەدین وتیشی: “ئێمە بەناوی سەرجەم لایەنە تورکمانییەکان، سکاڵایەکمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمارکرد و تیاییدا داوامانکرد کە ئەو مافە بۆ پێکهاتەکان بگەڕێتەوە، چونکە بەشداری پێنەکردنی لایەنەکان لە هەڵبژاردن، پێچەوانەی دەستووری عێراقییە لە ماددەی ٤٩، هەروەها لە ماددەی ٢٥دا هاتووە کە پێویستە مافی تورکمان و کریستیانەکان لە ڕووی سیاسیی و ئیدارییەوە دەستەبەر بکرێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ڕووی شکڵکییەوە دادگا داواکەی ئەوانی وەرگرتووە و چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیارێک دەکەن لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، هاوکات ئەوەیشی خستەڕوو کە داوایانکردووە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق هەڵبستێت بە دابەشكردنی کورسییەکانی پەرلەمان و تیاییدا ڕەچاوی مافی پێکهاتەکان بکرێت.
هاوکات بەرپرسی لقی ھەولێری ڕێکخراوی باڕش بۆ ھاوکاری مرۆیی، بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدای کردووە و سکاڵایەکی دژی هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمارکردووە، ناوبراو گەشبینە بەوەی دادگا بڕیارێک دەربکات لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت.
بڕوا عومەر، بەرپرسی لقی ھەولێری ڕێکخراوی باڕش بۆ ھاوکاری مرۆیی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی وتی: “ئێمە وەکو ڕێکخراوی باڕش بۆ چەسپاندنی مافی نەتەوەی تورکمان و پاراستنی ژمارەی کورسی کۆتاکان، سەردانی بەغدامان کرد و سکاڵامان دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد بەهۆی دەستکاریکردنی ژمارەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان”.
بڕوا عومەر وتیشی: “لە دادگای باڵا ڕێکارە یاساییەکانمان تەواوکردووە بە ژمارەی دادبینی ١٤٣ سکاڵاکەمان بەرزکراوەتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی دادگا و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین، ناڕەزایەتی ئێمە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە دابەشکردنی کورسییەکان ڕۆڵی پێکهاتەکان پشتگوێخراوە و داومان کردووە بۆ ئەوەی بزانین لەسەر چ بنەمایەک ئەم بڕیارە دراوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ دادبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان  کۆببێتەوە.
سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانە لە پەرلەمان، هەروەها داوایکردووە دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەم دابەشکارییە بە نادەستووریی بزانێت.
ئەو ١١ کورسییەی کە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری هەڵوەشانەوەی لێداون، پێشتر بەم شێوەیە دابەشکرابوون، ٥ کورسی بۆ کریستیان، ٥ کورسی بۆ کۆتای تورکمان و ١ کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.
جێی ئاماژەیە بڕیارەکانی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر بنەمای چەند سکاڵایەک بوون زیاد جەبار، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماریان کردبوو.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابوو کە بریتیی بوون لە ماددەکانی (١،٩،١٥،٢٢،٣٦) لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، کە تایبەتن بە شێوازی بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمان.
ئەو ماددانەی لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردندا ھەیە و زیاد جەبار سکاڵای کردووە و تانەی لێدابوون بریتیین لە: ماددەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە ١١١ ئەندام پێکدێت. ماددەی نۆیەم: ھەرێمی کوردستان بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. ماددەی ١٥: بۆ ھەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی ھەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان. ماددەی ٢٢: ھەر کیانێکی سیاسی لە ھەرێم، بۆی ھەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی ھەرێم پێشکەش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە ٣٠% کەمتر نەبێت.
ھاوکات سکاڵای دووەم لەلایەن سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون تۆمارکرابوو و داوا کرابوو کە ماددەی ٣٦ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، بە نادەستووری دابنرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکھاتەکانی “کلدان، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن لە ھەرێم. ھەروەھا داوا کرابوو کە ماددەی ٩ی ھەمان یاسا بە نادەستووری دابنرێت، کە ھەرێم بە یەک ناوچەی ھەڵبژاردن دانراوە.


#باشووری کوردستان
#پەرلەمانی کوردستان
#پێکهاتەکان
#تورکمانەکان