دەنگوباس
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆک وەزیران، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزە لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە پیرداود و وێستگە و کێڵگەی خورماڵەی سەر بە کار گرووپ-مان لە پارێزگای هەولێر کرد و بەشەکانی هەردوو وێستگەکەمان بەسەر کردەوە.
دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی بەکارهێنانی وزەی پاک و خاوێن و لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە و سنووردانان بۆ پیسکردنی هەوا.
ئاماژەیان بەوەشکرد، جێی خۆشحاڵییە گوێبیستی ئەوە بووین ئەمەریکا گرنگی بە پێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و پێشکەوتنی باشتر بە دەست بهێنین.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا دەربڕی.
وتیشی، خۆشحاڵم کە دەبینم پیشەسازی وزە لەم ناوچەیە پێشکەوتووە و لە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکاندایە، کاتێک سەیری دیمەنەکە دەکەم، زۆر لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە ئەمریکا بیردەخاتەوە و ئێرە وەکوو (ئۆکلاهۆما)یەکی بچووک وایە .
#باشووری کوردستان
#مەسرور بارزانی