دەنگوباس
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کێشەی کارتی نیشتیمانی نزیکی سێ هەزار هاووڵاتی چارەسەر دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لیژنەیەک لە عێراقەوە سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە بکات.
بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ۲٠۲٤/٥/۱۹ کێشەی کارتی نیشتیمانی نزیکی سێ هەزار هاووڵاتی لە سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەی ڕاگرتن و دەرنەکردنی کارتی نیشتیمانی کۆمەڵی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردستان کە نزیکی سێ هەزار کەس دەبن کە بە تۆماری ٤٤۳ی هەڵەبجەی شەهید و تۆماری ٤٦٤ی شارباژێر/سلێمانی ناسراون بە بیانوی نەبوونی وردەکاری پێویست لە ڕەگەزنامەی عێراقی و پێناسی باری شارستانیان، هەروەها کۆمەڵێ کێشەی تری هاووڵاتییان .
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ سەردانی موئەیەد عەباس، جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشنگە مانکرد لە بەغدا و گفتوگۆمانکرد لە بارەی کێشەکانی هاووڵاتییان و ڕێگا چارەی چارەسەرکردنی گرفتەکان.
وتیشی، پێیان ڕاگەیاندین هەفتەی داهاتوو ۲٠۲٤/٥/۱۹ لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەنێرنە کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی داواکاری هاووڵاتییان و بەڵێنی هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکی پێداین بۆ کارئاسانی هاووڵاتییان.
#باشووری کوردستان