رۆژهەڵاتی ناوەراست

سعودیە ژمارەیەک هاووڵاتی عێراقی دەستگیرکرد کە ویستوویانە بە ڤیزای گەشتیاری حەج بکەن

16/05/2024
hajj

دەنگوباس

دەسەڵاتدارانی سعودیە دەستگیرکردنی 11 هاووڵاتیی عێراقییان ڕاگەیاند کە ڕەوانەی لوبنان کراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی ڤیزای گەشتیارییان پێبووە و ویستوویانە فەریزەی حەج بەجێبهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، ئێستادا ئەو 11 هاووڵاتییە عێراقییە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی لوبنانەوە بە دەستبەسەری هێڵراونەتەوە و ئازاد نەکراون، کە کەوتوونەتە داوی کۆمپانیا وەهمییەکانی حەج و عومرەوە و ویستوویانە بە ڤیزای گەشتیاریی خۆیان تێکەڵ بەو کەسانە بکەن، کە بە فەرمی ڤیزای حەج وەردەگرن، بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

هادی سەلامی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵانە لەکاتی نزیکبوونەوەی وەرزی حەجکردن، هەندێک هاوڵاتی بە نەشارەزایی، دەکەونە داوی کۆمپانیا وەهمییەکانی حەج و عومرەوە و هەڵخەڵەتێنراون، بۆیە بابەتەکە پێویستی بە دەستوەردانی فەرمی حکومەتە بۆ ئازادکردنیان.

ڕۆژی 8ی ئایاری 2024، دەستەی حەج و عومرەی عێراق هۆشداری دایە هاووڵاتییان، بێ وەرگرتنی ڤیزای حەج، سەردانی سعودیە نەکەن، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، چونکە دەسەڵاتدارانی سعودیە دەستگیریان دەکات و سزای دارایی قورسیان دەدات و ئەو کەسانە و ئۆتۆمبێل یان فڕۆکەکەشیان دەستبەسەردا دەگیرێت، کە ئەو هاووڵاتییانەی بێ ڤیزای حەج گواستووەتە بۆ سعودیە.

 


#عێراق