دەنگوباس
مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، ڕایگەیاند، تا ئێستا ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، چوار جار ڤیتۆی دژبە ئاگربەست لە غەززە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بەکارھێناوە.
مەحمود عەباس لە ٣٣ھەمین لوتکەی کۆماری عەرەبی کە لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەڕێوەدەچێت، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، بڕیارماندا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ناوەندی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکار تەواو بکەین، لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی ئاشتی لەلایەن ئیسرائیلەوە و بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دژبە گەلەکەمان لە کەرتی غەززە و لەناوبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی فەلەستین، و دەستدرێژییەکانی داگیرکار و تیرۆرکردنی فەڵەستینییەکان لەلایەن جوولەکەکانەوە لە کەناری ڕۆژئاوا، لەنێویاندا قودس.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئاکامی دەستدرێژییەکانی داگیرکار کە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بە پاڵپشتی ئەمریکا بۆسەر غەززە ئەنجام دەدرێن، ١٢٠ ھەزار فەڵەستینی کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و وتی، تا ئێستا لە ئاکامی دەستدرێژییەکانی داگیرکار بۆسەر کەرتی غەززە، بە ڕێژەی ٧٠٪ی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە، خاپووکراون.
وتیشی، تا ئێستا ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، چوار جار ڤیتۆی دژبە ئاگربەست لە غەززە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بەکارھێناوە.
باسی لەوەشکرد، ھەڵوێستی حەماس کە ڕەتی دەکاتەوە کۆتایی بە دابەشبوون بێھێندریت و بگەڕێتەوە گەڕانەوە بۆ ژێر چەتری ڕەوایەتی دەسەڵاتی فەڵەستین، خزمەتی ئەو پلانەی ئیسرائیلی کرد کە حکوومەتی داگیرکار پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کاری بۆ جێبەجێکردنی دەکرد بۆ بەردەوامیدان بە دابڕانی کەرتی غەززە لە کەناری ڕۆژئاوا و قودس، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و لاوازکردنی دەسەڵاتی نیشتمانی و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین.
ڕاشیگەیاند، ئێستا کاری لە پێشینەمان، وەستاندنی بەپەلەی دەستدرێژییەکانی داگیرکارە بۆسەر کەرتی غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ گەلەکەمان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و دەست بە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەوەش پشت بەستن بە یاسای نێودەوڵەتی.
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیدا بچنەوە و وتی، پێویستە پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بە مەرجی وەستاندنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی، بەردەوام بێت.
#ئیسرائیل