کوردستان

دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانەکەی یەکێتی لە دژی ڕاگرتنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن قبوڵ کرد

16/05/2024

دەنگوباس

دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پەسەند کرد و ڕایگەیاند، بڕیاردان لەسەر ڕێکارەکانی کۆمسیۆن لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە.
دوای سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی شێوازی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان، دادگای فیدراڵی بڕیاری ڕگرتنی کارکردنی بەو بڕگەیە دا تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە.
لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگاش، ئەنجومەنی کۆمسیۆن ڕێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگرت.
دوابەدوای ئەوەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەستەی دادوەری کۆمسیۆن تانەیەکی لە دژی ڕاگرتنی ڕێکارەکان پێشکەشکرد و ئەمڕۆ دەستەکە تانەکەی پەسەند کرد.
کەو بارەیەشەوە ڕزگار حاجی حه‌مه‌د لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی کە تانەکەی پێشکەش کردبوو بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، ” بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌كاتێكدابوو كه‌ به‌پێی ده‌ستوور نابێت هیچ سكاڵاو تانه‌یه‌ك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بدرێت، له‌كاتێكدا كه‌ شەش مانگ به‌سه‌ر بڕ‌یاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕ‌یوه‌ و سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانیش له‌كاتێكدابووه‌، كه‌ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌پێی یاساش پێش كه‌متر له‌شه‌ش مانگ هیچ جۆره‌ تانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ناده‌ستووری بوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌قه‌كانی نێو یاساكه‌ وه‌رناگیرێت”.
وتیشی: “تانه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاڕ‌استه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ری كۆمسیۆن كراوه‌و تێیدا تیشكی خراوه‌ته‌سه‌ر فه‌رمانه‌ وه‌لائییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، كه‌ له‌بڕ‌یاره‌كه‌ی كۆمسیاراندا وردتر بڕ‌یار له‌و فه‌رمانه‌ دراوه‌و به‌شێك له‌كاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵپه‌ساردووه‌، یه‌كێتیش هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دوانه‌خرێت و له‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌رسومی بۆ ده‌ركردووه‌”.
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری کۆمسیۆندا هاتووە کە پرسی ڕاگرتنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە، چونکە ئەو هەنگاوە کاریگەریی لەسەر خشتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن دروست دەکات، دەسەڵاتی دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن و دواخستنیشی لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە.


#باشووری کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان