راپۆرت و چاوپێکەوتن

یەکێتی لەبەردەم سێ سیناریۆدا.. باشەکەیان لە دووانەکەی دیکە خراپتر!

16/05/2024

دەنگوباس
هەرچەندە هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت، بەڵام لێدوانەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی پێداگریکردن لەسەر "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا" بەردەوامن، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە ئەو حزبە لەبەردەم سێ سیناریۆدا بێت کە پێدەچێت باشەکەیان لە دووانەکەی دیکە خراپتر بێت و لە ئایندەدا لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەرەکانییەوە لە دژی بەکاربهێنرێنەوە.


تا ئێستا 10ی 6 وەک وادەی فەرمیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوەتەوە، بەڵام هیچ حزبێک بانگەشەی دەست پێ نەکرد، بە یەکێتییشەوە کە بەردەوام دەڵێت دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

بۆچوونی یەکەم ئەوەیە کە یەکێتی ڕێککەوتنی پێش وەختە و "ژێربەژێر" لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش دوای ئەوە پارتی بۆی دەرکەوت کە بە هۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەبێتە زەرەمەندی یەکەمی هەڵبژاردن و هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ پەکخستن یاخود لانیکەم دواخستنی و تا ئێستاش وا دەردەکەوێت سەرکەوتوو بووبێت لە هەوڵەکانی.

ئەم بۆچوونە چەندینجار لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، بە تایبەتیش شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی لێکردووەتەوە و پێیانوایە پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێریان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەیە و ئەوەش کە لە میدیاوە پیشانی دەدەن کە دژی یەکن تەنها "سیاریۆ"یە، هەروەک چۆن لە پێش هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دژی یەکتر لێدوانیان دەدا و پاش هەڵبژاردنیش دەبوونەوە بە هاوپەیمان برابەشی دەسەڵات.

پێشتریش ڕێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوەی پارتی و یەکێتی لە پێش هەڵبژاردن بە یەکتریان دەگوت بۆ بانگەشەی بووە و کەس ناتوانێت کەلێن بخاتە نێوانیانەوە.

پێدەچێت ئەم سیاریۆیەیان ساناتر بێت لە چاو ئەوەی دووەمیان کە پێیوایە "بەشێکی یەکێتی" بە بێ ئاگاداری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردبێت بۆ هاوکاریکردنی لە دواخستنی هەڵبژاردندا.

ئەم بۆچوونەش لە لایەن لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل"ەوە وروژێندرا کاتێک ئاماژەی دا بەوەی قوباد تاڵەبانی لەو بارەیەوە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتبێت. ئەم لێدوانەش جێی سەرنج بوو، چونکە لە کەسێکەوە بوو کە ساڵانێک سەرۆکی دەزگای زانیاری یەکێتی بوو و پێدەچێت تا ئێستاش لینکە هەواڵگرییەکانی لە دەست نەدابن.

ساڵی 2022ش لە کاتێکدا بافڵ تاڵەبانی، کەمپینی بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی دەکرد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، لاهور شێخ جەنگی پەیامی بۆ بەرهەم ساڵح ناردووە و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لەتیف ڕەشید، ببێتە سەرۆک کۆمار، ئەویش دوای ئەوەی پارتی دڵنیابوو لە دەرنەچوونی کاندیدەکەی خۆی، دواتریش ئەنجامی هەڵبژاردنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، هەر بەو شێوەیە کەوتەوە و ئەو کەسە بوو بە سەرۆک کۆمار کە بەشێک لە میدیای یەکێتی بە "کاندیدی پارتی" وەسفیان دەکرد.

سیناریۆی سێیەم ئەوەیە کە پارتی بە خۆ نزیککردنەوەی لە ئێران و شیعەکان مێزی گەمەکەی بەسەر یەکێتیدا قڵپ کردبێتەوە، ئەویش دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتییە بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، لە سەرووی هەمووشیانەوە، عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.

ئەوەی لە سیاسەتی پارتیدا باوە، ئەو حزبە هیچ هێڵێکی سوور ناناسێت کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددی دەبێتەوە، هەروەک پێشتر لە 31ی ئابی 1996دا پەنای بۆ ڕژێمی بەعس برد بۆ پاراستنی خۆی و لە دوای ڕیفراندۆمەکەی 2017ش مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ڕێی بەغدای گرت بۆ ئاشتکردنەوەی گروپە شیعەکان و حەشدی شەعبی کە پێشتر بە داگیرکەری کەرکووک و میلیشیا وەسفی دەکردن.

پێش هەڵبژاردنەکەش پارتی کار لەسەر کەمکردنەوەی کورسییەکانی سلێمانی لەبەرژەوەندی هەڵەبجە دەکات و لەو لاشەوە لە ڕێی هەوڵ بۆ گێڕانەوەی ژمارەیەک لە کورسییەکانی پێکهاتەکان دەکات ئەگەری کەمیش بێت.

نێچیرڤان بارزانی، لە پێناو بەدەستهێنانی پشتیوانیی شیعەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لە ماوەی کەمتر لە 20 ڕۆژدا دووچار سەردانی بەغدا و جارێکیش سەردانی تارانی کرد و بەبێ گوێدانە خواستی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان دەکات.
 
هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن هەر یەکێک لەم سیناریۆیانە بێت بە نەرێنی بەسەر یەکێتیدا دەشکێتەوە و پێدەچێت لە کاتی بەڕێووەچوونی هەڵبژاردن لە کاتە دواخراوەکەدا، ببێتە کارتێک بەدەست ئەو لایەنانەی کە لە زۆنی سلێمانی و هەڵەبجەدا چاویان لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانە و لە دژی "یەکێتییەکی لاواز" یان "یەکێتییەکی هاوپەیمانی پارتی" بەکاری بهێنن.
#باشووری کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#بافڵ تاڵەبانی
#قوباد تاڵەبانی
#مەسعود بارزانی
#نێچیرڤان بارزانی
#مەسرور بارزانی