کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: هیوادارین ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکارمان بن بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە

15/05/2024
bafel talabani

دەنگوباس

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتۆن لەگەڵ دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرایەوە.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوەکرد، بەگرنگییەوە لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان و سەرخستنی گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عیراق دەڕوانین و پێویستە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان و مەترسییەکانی تیرۆر ببینەوە.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوە و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، پشتیوانییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، هیوادارین لە داهاتووشدا هاوکار و هەماهەنگبن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە و پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە.


#باشووری کوردستان
#ئەمریکا
#بافڵ تاڵەبانی