دەنگوباس
ململانێکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی "هەژماری
من" و بە بانکیکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بەردەوامی
هەیە، داهاتووی هەژماری مووچەخۆران و میکانیزمی وەرگرتنی مووچە ڕوون نەبووەتەوە.
حکومەتی هەرێم پێداگری لەسەر "هەژماری من" دەکات، حکومەتی
عێراقیش دەڵێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ دەکەین و دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لە
ڕێگای بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵییەوە تۆماربکرێن و مووچە وەربگرن.
ڕۆژێک "هەژماری من" و وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە
بڵاودەکەنەوە دەڵێن، بانکی تی بی ئای کە بانکێکی حکومەتی فیدراڵی عێراقە هاتووەتە
ناو پڕۆژەکەوە، بە دوایدا بانکی TBI دەڵێت ئێمە بانکی حوکمین و ناچینە ناو
پڕۆژەی بانکە ئەهلییەکان.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەی
دادگای فیدڕاڵی عێراق زۆر بە ڕوونی باس لە بانکە حوکمییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی
هەرێمی کوردستان دەکات، قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری بانکی TBI کردووە و ئەو وتی ئێمە
بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق جێبەجێ دەکەین و هەروەها فەرمانی سەرۆک وەزیرانیشمان
هەیە، بەڵام "هەژماری من" لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا باسی نەکراوە،
هەژماری من کۆمەڵێک بانکی ئەهلین کە هەندێک لەو بانکانە ڕەنگە پێشتر کێشەی زۆرییان
هەبووبێت، هەروەها لە "هەژماری من"دا دەبێت مووچە لە بەغداوە بێتە سەر
وەزارەتی دارایی هەرێم ئینجا دابەشی دەکات بەسەر بانکەکانی "هەژماری من"،
تا ئێستاش هەرێم و بەغدا سورن لەسەر پڕۆژەکانی خۆیان.
فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکرد، نە TBI سەر
بە "هەژماری من"ە، نە "هەژماری من"یش سەر بە بانکیکردنی مووچەیە
لە ڕێگەی بانکی فیدڕاڵییەکانی عێراق و دوو شتی جیاوازن، ڕاستییەکە ئەوەیە، نە TBI ڕازییە بچێتە ناو "هەژماری
من"، نە "هەژماری من" ڕازییە مووچە بە بانکی بکات وەک ئەوەی لە بریارەکەی دادگای فیدڕاڵییدا هاتووە، ئەوە کێشەکەیە و
من قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری TBI کرد و وتی ئێمە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی
عێراق بەشداری بە بانکیکردنی مووچە دەکەین.
وتیشی، دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار لەسەر بابەتی دەستپێنەکردنی بەبانکیکردنی
مووچە و داهاتی ناوخۆ بوو، بەڵام دوای فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق ئەم مانگەش
مووچەیان نارد، بۆیە ئەگەر ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا لە مانگی
پێنج گەورەتر دەبێت، من پێشتر قسەم لەگەڵ کردن و وتیان مانگی چوار ڕەنگە مووچە
بنێرین، بەڵام ئەگەر ئەو دوو گرفتە چارەسەر نەکرێت (بەبانکیکردنی مووچە و داهاتی
ناوخۆ) چارەسەر نەکرێت ئەوا موچەی مانگی پێنج نانێرن.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم یا هەر حکومەتێک لە دنیادا ئەرکیەتی کە
مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات، چۆن دابینی دەکات ئەوە کێشەی خۆیەتی، بۆیە
دەڵێم دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و بڕیار بەدەست بچنە بەغدا و ڕێکبکەون نەک ئەو هەموو
هاتوچۆیە بکەن و هەندێ برادەر کەدەچن دەسەڵاتی بڕیاریشییان نەبێت"
ئەوەشی خستەڕوو، کاک قوباد پێرێ وتی ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی
بەغدا بکەین، بە مەرجی ئەوەی نەک مووچە، بەڵکو بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنانمان
بۆ بنێرن، ئەگەر سەیری یاسای بودجە بکەین ئەوەندە خراپە کە بودجەی بەکاربردنی بە
13 تریلیۆن خەمڵاندووە، لەو سیانزە تریلیۆنەش زیاتر لە تریلیۆنێکی خەرجی
گواستنەوەی نەوتی هەرێمە کەئەمە حکومەتی هەرێم ناتوانەت خەرجی بکات لەژێر دەستی
سۆمۆیە، دەمێنێتەوە دوانزە تریلیۆن و کەمێک، ئەوەش ئەگەر مانگانە بەشە مووچە 950
ملیار بێت ئەوەی دەمێنێتەوە دەکاتە 200 ملیار، مەبەستم ئەوەیە ئێمە کاتێک
دەمانەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەین کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدات بۆیە دەڵێم دەبێت
دابنیشن و کۆببنەوە.
#باشووری کوردستان