دەنگوباس
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاند، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە شاری دهۆک دەستگیر کردووە، دەستیشیان بەسەر 51 کیلۆگرام شەلەمەنیدا گرت، کە ماددەی هۆشبەری تێدا حەشاردرابوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاسایشی دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتی 2024، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سێمێل سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر 51 کیلۆگرام شلەمەنی گیرا، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا حەشاردرا بوو.
ئاسایشی دهۆک دەڵێت، دوای دەستبەسەرداگرتنی ماددەکە و ناردنی بۆ پشکنین، دەرکەوت لە شلەمەنییەکەدا مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هەبووە.
ئاسایش ڕایگەیاندووە لەسەر ئەو کەیسە، دوو تۆمەتباریان بە ناوەکانی (م. ر. ا.) و (ا. ی. ر.) دەستگیرکردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردوونەتەوە.
ماددەی هۆشبەری کریستاڵ، بەوتەی بەرپرسێکی پێشووی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر بەکارهێنەری هەیە، ماددەکە لە ڕواڵەتدا وەک لیمۆندۆزی یان پارچە شووشەی هاڕاو دەردەکەوێت، ئەو کەسەی بەکاریدەهێنێت بەهۆی کاریگەرییەکانی تووندوتیژ دەبێت و لەگەڵ خێزانەکانیان خراپ دەبن، بەگشتیش کریستاڵ یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی مادەی هۆشبەر بۆ جەستە.
بەپێی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە نزیکەی 5500 سزادراو، 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
#باشووری کوردستان