دەنگوباس
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، كە ٤٤٣ ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی ئایار، بڕی ٤٤٣ ملیار دینار وەک شایستەی مانگی نیسانی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەڵام هێشتا پارەی مووچەی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان ڕەوانەی هەرێم نەكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ بڕی زیکەی ١٦٨ ملیار دینار بە سێ گوژمە وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 4ی مووچەخۆرانی ڕاگەیاند، كە بەپێی لیستەكە دابەشكردنی مووچە لە ماوەی (5) ڕۆژدا كۆتایی دێت.
بەپێی لیستەكە دابەشكردنی مووچە لە (15ی ئایار) دەستپێدەكات و لە ڕۆژی (20ی ئایار) كۆتایی دێت، بەڵام لیستەكە مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی تێدا نییە.
#باشووری کوردستان