دەنگوباس
بەهۆی ڕووداوەكەی ئەمڕۆی سەر ڕێگای كەلار- كفری، كە تیایدا چوار خوێندكار گیانیان لەدەستدا و شەش خوێندكار و شۆفێرەكەی بریندار بوون، ئیدارەی گەرمیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەنێت.
جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ڕووداوە ناخ هەژێنەکەی ئەمڕۆ (١٤ی ئایاری ٢٠٢٤) کە لەسەر ڕێگای کەلار – کفری پاسێکی خوێندکاران وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار کچە خوێندکار بەناوەکانی (دانیا ئەحمەد لەتیف، کەوسەر ئەحمەد لەتیف، شەم سامان، ئارەزوو سەردار) گیانیان سپارد و حەوت کەسی تر برینداربوون، لەناخەوە دڵتەنگ و خەمباری کردین.
ڕاشیگەیاند، ئەم ڕووداوە نیگەرانی و خەمباری سەرجەم چین و توێژەکان و خەڵکی گەرمیان و کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ڕووداوە بۆ هەموو لایەک جێگەی داخ و پەژارەیەکی قوڵە، وەک هاوخەمییەک بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە ناخهەژێنەی ئەمڕۆ، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سنووری ئیدارەی گەرمیاندا ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەنین.
#باشووری کوردستان