دەنگوباس
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا پەیامێك بڵاودەكاتەوە و داوای دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و 56 مووچەی پاشەكەوتكراو و لێبڕاو و نەدراو لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا هەشت داواكاری ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات و ڕایگەیاندووە، پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران چیتر نەكرێنە قوربانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم و كۆتایی بە دواكەوتنی مووچە بهێندرێت و هەروەها هەر مامۆستایە و ژمارەی حسابی تایبەتی خۆی بۆبكرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، كار بكرێت بۆ ئەوەی 44 مووچەی پاشەكەوتكرا و لێبڕا و 12 مووچەی نەدراو بخرێتە سەر ئەو ژمارە حسابەی پەسەند دەكرێت و پلەبەرزكردنەوەش بۆ مامۆستایان بگەڕێندرێتەوە.
جەختیشی كردووەتەوە، پێویستە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 جێبەجێ بكرێت، بۆئەوەی كۆتایی بەو نایەكسانییە بهێندرێت، كە لە هەرێم بەرامبەر خانەنشینان بەكاردەهێندرێت و داواشدەكات “كۆتایی بە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بهێندرێت و بە فەرمی دابمەزرێن”.
#باشووری کوردستان