کوردستان

وەزیری بەرگری تورکیا هۆشدارییەکی توند دەداتە بافڵ تاڵەبانی

14/05/2024

دەنگوباس

وەزیری بەرگری تورکیا دەربارەی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان هۆشدارییەکی توند دەداتە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەڵێت: "هەمووان دەزانن چیمان بەسەر پەکەکەدا هێناوە، ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش دەیەوێت هەمان پێشهاتەکان تاقیبکاتەوە بکات، با درێژە بەو چالاکییانەی بدات".
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکە ڕایگەیاند، "بافڵ تاڵەبانیش هەوڵ دەدات شتەکان بۆ خۆی بگەیێنێتە کۆتایی. دەبێت بزانێت ئەوەی هەوڵی بۆ دەدات شتەکان لە دژی خۆی وەرگێڕاوە، چونکە سەرۆکی بەڕێزمان، وەزیری دەرەوەی بەڕێزمان، بە خۆشمەوە، چەندینجار هۆشداریی پێویستمان داوە".
وتیشی: "تورکیا وڵاتێکی بە سەبرە. ئێمە دەزانین چیمان کردووە و چی دەکەین. هەمووان دەبینن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە (پەکەکە) بە چ دۆخێک گەیشتووە".
وەزیری بەرگری تورکیا وەک هەڕەشەیەکیا بۆ سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش دەیەوێت هەمان پێشهاتەکان تاقیبکاتەوە بکات، با درێژە بەو چالاکییانەی بدات. چەندینجار پێمان گوت دەبێ چی بکات. پێویستە پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستان بپچڕێنێت و واز لە پشتیوانیکردنیان بهێنێت و ناوچەکەی لە تیرۆریستان پاک بکاتەوە. کاتێک ئەم کارانە بکات، باشترین ئەنجام بۆ خۆی بەدەست دەهێنێت." 


#باشووری کوردستان
#بافڵ تاڵەبانی
#تورکیا