دەنگوباس
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ڕایگەیاند، ماوەی پێنج ڕۆژ لە بەردەم زانكۆكانی هەرێمدا هەیە، كە ناوی سێ یەكەمەكان ئامادە بكەن و دواتر بە نووسراوێك ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكرێت و بڕیار لەسەر دامەزراندنیان دەدرێت.
عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، كار لەسەر دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆكان كراوە، كە لە ساڵی 2017 - 2018 تاوەكو ئێستا یەكەمەكان بەهۆی قەیرانی داراییەوە دانەمەزراون.
ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەری تۆماری زانكۆكان ئەنجامدا و داواكراوە، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا داتای پێویست لەسەر سێ یەكەمەكان ئامادەبكرێن ئەوەی لێیان داواكراوە تایبەتە بە ناوی چواری، ناوی زانكۆ، كۆلیژ و بەشەكەی و پسپۆڕی ناونیشانی وەزیفی، مووچەی بنەڕەتی و پلەكەی كە وردبینی تێدا دەكرێت و تاوەكو مافی هیچ كەسێك نەفەوتێت و ناوەكان بە نووسراوێك بۆ حكومەتی عێراق بەرزدەكرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی عێراق بڕیار لە دامەزراندنی سێ یەكەمی زانكۆكان دەدات، ئەوەش دوای ئەوەی بە نووسراو ناوەكانیان ئاراستە دەكرێت.
#باشووری کوردستان