دەنگوباس
ئەو پارێزەرەی سکاڵای لەدژی یاسای سنورداکردنی ھێنانی ژنی دووەم لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکردبوو، سکاڵاکەی لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی لە دادگای فیدڕاڵی کێشایەوە.
بەرھەم ڕەئوف عەلی، پارێزگاری ڕاوێژکار لەبارەی سکاڵاکەیەوە ڕایگەیاند، ھەرچەندە مانگی ئازار سکاڵایەکی لەسەر نادەستوریبوونی ماددەی یەکی یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای ھەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ی ھەموارکراو تۆمارکرد، بەڵام لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە سکاڵاکەی بکشێنێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، قوباد تاڵەبانی پەیوەندی پێوەکردووە و بەھۆی ناڕەزایی ڕێکخراو و نوێنەری وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان، داوای لێکردووە لە سکاڵاکەی پاشگەزبێتەوە.
ئەو ماددەیەی پارێزەرەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکردبوو تایبەت بوو بە ڕێگرییەکانی یاساکە بۆ ھێنانی ژنی دووەم، بڕیاریش بوو ٣٠ی حوزەیران دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەسەر سکاڵاکە دەربکات.
#باشووری کوردستان