دەنگوباس
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ سایتی فهرمی حزبهكهی ڕایگەیاند، حکومەتی ھەرێم پابەندی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و پێویستە بەغداش چیتر بیانوو بە ھەرێمی کوردستان نەگرێت.
وتیشی، ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھەیە بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکەن.
باسی لەوەکرد، عێراق ھەر جارەو بیانوویەک دەدۆزێتەوە، جارێک باسی وردبینی دەکات و جارێک باسی نەناردنی لیستی ناوەکان و ئێستاش وەزارەتی دارایی عێراق باسی نەبوونی سیولە دەکات، بۆیە ئەمە ھەمووی وا دەکات ناردنی مووچە دوابکەوێت و زەرەرمەندی یەکەمیش فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانن.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی “ھەژمای من” لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) ھەیە و ھەندێک ڕێکاری تەکنیکی ماون، بۆ ئەوەی بیانووی ئەوەش نەمێنێت پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە بانکی بکرێت.
جەختی لەوەکردەوو، ناکرێت ھەر مانگێک بیانوویەک بە ھەرێمی کوردستان بگرن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوابکەوێت، لەبەر ئەوەی ئێستا مانگی پێنجە و هێشتا مووچەی مانگی چوار ڕەوانە نەکراوە.
#باشووری کوردستان
#عێراق