دەنگوباس
چاوەڕوان دەکرێت لە
مانگی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت و
وەزارەتی بازرگانیش لە هەوڵدایە هەموو گەنمەکە لە جوتیاران وەربگیرێتەوە،
هاوشێوەیە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووی عێراق.
فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری
پێشکەوتوو لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند،
سەرەتای مانگی داهاتوو دەست دەکرێت بە وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران و بۆ ئەو
مەبەستەش لیژنەیەکی باڵا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە.
ڕوونیشیکردەوە، لایەنە
پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و لە نێویشیاندا وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ
لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراقدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی هاوشێوەی پارێزگاکانی
ناوەڕاست و باشووری عێراق سەرجەم بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانیش وەربگیرێتەوە
بە بەبێ ئەوەی هیچ ڕێژەیەکیان بۆ دیاری بکرێت.
ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی
بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو کە سەرجەم ئەمبار و سایلۆکانی هەرێمی کوردستان
ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیاران و لەو بڕوایەشدابوو کە ئەمساڵ بە هۆی
زۆریی ڕێژەی بارانبارینەوە بڕی گەنمی وەرگیراویش زیاد بکات.
#ئابووری
#باشووری کوردستان
#کشتوکاڵ