کوردستان

"ئەو دوو مووچەیەی سودانی ناردی، ڕێخۆشکردن بوو بۆ سەردانەکەی خۆی بۆ ئەمریکا"

12/05/2024

دەنگوباس
محەمەد حاجی مەحمود ڕایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا ئاسان نییە.

ئەمشەو محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵ8، بەدووریزانی بەمزووانە کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا چارەسەر بکرێت و ڕایگەیاند، لایەنی کوردی خوێندنەوەی هەڵەیان بۆ ئەو دوو مووچەیە کرد کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی نارد بەر لەوەی سەردانی ئەمریکا بکات.
وتیشێ: خەڵک دڵی خۆش بوو کە بەغدا بە ناردنی ئەوو دوو مووچەیە بەزەیی هاتووەتەوە بە خەڵکی کوردستاندا، بەڵام راستییەکەی ڕێخۆشکردن بوو بۆ سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا، چونکە پێشتر دوو جار داوای سەردان و بینینی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای کردبوو، بەڵام ڕەتکرابووەوە.
ئەوەشی بەبیرهێنایەوە کە پێشتر ڕایگەیاندووە، دوای گەشتەکەی سودانی بۆ ئەمریکا، ئەو پارەیە بۆ هەرێم ڕادەگرن، ئەوەتا ئێستاش سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی هەر یەکە و کۆمەڵێک مەرجیان بۆ ناردنی مووچە داناوە.
محەمەد حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند، دابەشکردنی مووچە و کردنەوەی هەژمار کارێکی ئاسان نییە و چەند ساڵێکی دەوێت، بەغداش پارەی هەیە بەڵام ناینێرێت و ئەوە بابەتە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت.
سەرۆکی پارتی سۆوسیال دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەی خستە ئەستۆی پارتی و یەکێتی لە بەسەر جوتیارانی کورد هاتووە لە گوندەکانی کەرکووک.
محەمەد حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا سوپای عێراق دەچێت پشتیوانی لە عەرەبی هاوردە دەکات، 200 هەزار پێشمەرگەمان هەیە 10 پێشمەرگە نانێرن بۆ پشتیوانی جوتیارانی کورد.
ئەوەشی خستەڕوو کە پارتی و یەکێتی دەتوانن ڕێگری لەو ستەمە بکەن کە لە جوتیارانی کورد دەکرێت، بەڵام لە بەر ڕکابەریی یەکتر نایکەن.
وتیشی: پارتی و یەکێتی ڕێم لێ نەگرن سبەینێ دەچم عەرەبی هاوردە تەمبێ دەکەم، با پارتی و یەکێتی ڕێگریی نەکەن و بڵێن ئاگادار نین.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە پرسی هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هەڵبژاردن دوا دەخرێت.
وتیشی: دواخستنی هەڵبژاردن لە دەستی لایەنە کوردییەکاندا دەرچووە و ئێستا لە دەستی وڵاتانی دەوروبەر و دادگای فیدراڵیدایە.
محەمەد حاجی مەحمود جەختیشیکردەوە لەوەی "کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لە تارانە و بەغدا جێبەجێکارە و دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و بینینی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی هەموو کێشەکان چارەسەر بوون".
#ئابووری
#باشووری کوردستان