دەنگوباس
د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ لە ھەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و لێپرسراوانی ھەرێم ئامادەیبوون، جەختکرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پارێزگاریکردن لەو ئارامی و پێشکەوتنە ئەرێنیانەی لە وڵاتدا ھاتوونەتەئاراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاووتوێکران و گرنگی چەسپاندنی ڕککەوتنەکان و چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەکان دوپاتکرایەوە.
د. لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، کە ھاوکار دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تەواوی چارەسەکردنی پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێم و فەرمانبەران، ھاوکات کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جوتیاران و وەرگرتنی بەرھەمی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
#باشووری کوردستان