کوردستان

وتەبێژی ئەپیكۆر: ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوخۆی هەرێم دەفرۆشین

11/05/2024
wtabezhi apicor

دەنگوباس

مایلز كاكینگز، وتەبێژی كۆمەڵی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) بۆ كەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند، كۆمپانیا بیانیەكانی بواری نەوت، ڕۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەکرد، كۆمپانیاكان بەرمیلێك نەوت لە ناوخۆدا بە (40) دۆلار دەفرۆشن، دەبێت كۆمپانیاكان و هەولێر ڕێككەوتنی نوێ‌ لەگەڵ بەغدا بكەن، چونکە كۆمپانیاكان قازانجێكی كەمیان لە فرۆشتنی نەوت دەست دەكەوێت.

وتیشی، ئەو گرێبەستەی ئێستا هەمانە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, بۆ نمونە ئەگەر (100) بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنین، (50) بەرمیلی بۆ حكومەتە و (50) بەرمیلی بۆ كۆمپانیاكانە، دەمانەوێت گرێبەستەكانیشمان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەهەمان شێوەبێت.

باسی لەوەکرد، ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، مانگانە 240 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێمە.

ڕاشیگەیاند، حكومەتی عێراق هیچ پێشنیازێكی بۆ نەكردووین لەبارەی دەستكاریكردنی گرێبەستەكان و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان گرێبەستەكان.

بەپێی وتەکانی وتەبێژی ئەپیکۆر، كۆی داهاتی نەوتی هەرێم دەكاتە (480) ملیۆن دۆلار و مانگانە (240) ملیۆن دۆلار واتا (320) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە كاتێكدا هیچ بڕە پارەیەكی داهاتی نەوت نەچووەتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە.


#باشووری کوردستان
#عێراق
#نەوت