دەنگوباس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە کرداری داهاتی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر کاخەز هیچ گرفتێک نییە، بەڵام بە کرداری هیچ نەکراوە، بۆ ناردنی مووچە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەیە، کە جەخت لە پێدانی مووچە دەکات لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە.
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان هیچی ڕادەستی بەغدا نەکردووە، ئەوەی چاوەڕوانکراوەیە ئەوەیە تاوەکو بەبانکیکردنی مووچە وەک لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە جێبەجێ نەکرێت، مووچە نانێردرێت.
سەبارەت بە ڕادەستکردنی داهات لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، وتی، هەرێم تەنیا بە زارەکی ڕەزامەندی داوە بۆ رادەستکردنی داهات، بەڵام بەغدا ئەو ڕەزامەندییەی ناوێ بەغدا پارەکەی دەوێت.
ڕۆژی 9ی نیسان مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، هەرچەندە بڕیار بوو لەدوای 20ی نیسان لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
#باشووری کوردستان