کوردستان

وەزارەتی تەندروستی: بە ھیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی نەورەسەکان مەکەن

11/05/2024
nawras

دەنگوباس

وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا ھاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە بە ھیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی نەورەسەکان نەکەن لە دەریاچەی دوکان.

وەزارەتی تەندروستی بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەرین ئاگاداری ھاووڵاتییان دەکاتەوە، کە بە ھیچ شێوەیەک سەردانی شوێنی نەورەسەکان نەکەن لە دەریاچەی دوکان، ئەمەش لە پێناو سەلامەتی تەندروستی خۆیان و کۆمەڵگا .

ئاماژەی بەوەکرد، جارێکی تر ئەوە دووپاتدەکەینەوە کەوا جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھیچ کەسێک سەردانی نیشتیمانی نەورەسەکان نەکات، تاکو بە فەرمی دڵنیایی دەدرێت لە جۆری نەخۆشییەکە و سەلامەتی بۆ مرۆڤ لە لایەن ڤێتێرنەری سنوورەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە کۆمەڵێک باڵندەی کێوی لە جۆری نەورەس لەسەر زێی بچووک تووشی نەخۆشییەکی تایبەت بوون و لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی داراستان و ژینگەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە.

پۆلیسی داراستان و ژینگەی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ ئەو باڵندانە کردووە، بڕیاریانداوە بە لەیەک جیاکردنەوەی باڵندە نەخۆشەکان و بەردەوام بوون لە چاودێریکردن و چارەسەرکردنیان.





#باشووری کوردستان