دەنگوباس
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگی ١٤٣ وڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەکە، پڕۆژەبڕیارێکی بۆ پاڵپشتیکردن لە داواکاریی ئەندامێتی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرد.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەبڕیارێکی بۆ پاڵپشتیکردن لە داواکاریی ئەندامێتی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرد.
پڕۆژەبڕیارەکە پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە داواکارییەکەدا بچێتەوە، ھەروەھا ڕێگاکانی جێبەجێکردنی ماف و ئیمتیازەکانی دیکە دیاری بکات کە پەیوەندییان بە بەشداریکردنی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە.
پڕۆژەبڕیارەکە بە دەنگی بەڵێی ١٤٣ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا و لەبەرامبەردا نۆ وڵات دژی پڕۆژەبڕیارەکە دەنگیان دا و ٢٥ وڵاتیش دەنگیان پێ نەدا.
لە پڕۆژەبڕیارەکە کە تورکیا لەگەڵ ٨٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لێ دەکەن، نیگەرانی قوڵ نیشاندراوە سەبارەت بەوەی لە ١٨ی نیساندا، ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڤیتۆی دژبە ئەندامیەتی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارھێناوە.
ھەروەھا ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردووەتەوە کە لە بڕیارەکەدا، جەخت کراوەتەوە لە مافی گەلی فەڵەستین بۆ بڕیاردان لەبارەی مافی چارەی خۆنووسین، ھەروەھا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین.
ڕاشیگەیاندووە، دەوڵەتی فەڵەستین بەپێی مادەی چواری پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. شایستەی ئەوەیە ببێتە ئەندامی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر ئەوە پێویستە بەئەندامبوونی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەسەند بکرێت.
لە ١٨ی مانگی ڕابردوودا، ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتی ڤیتۆی دژبە پرۆژە بڕیارێکی جەزائیر کە پێشیازی کردبوو بە ئەندامبوونی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پەسەند بکرێت، بەکارھێنابوو.
لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢وە، فەڵەستین "وەک وڵاتێکی نا ئەندام"، ڕۆڵی چاودێریکردنی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێ بەخشراوە.
#ئەمریکا