رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق هەوڵی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەدات

11/05/2024
sudani

دەنگوباس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، عێراق لە ھاوکێشەی وزە لە جیھاندا، ژمارەیەکی قورسە و ئێمە بەردەوام دەبین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە نەوت.

ئەمڕۆ شەممە، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی ڕێوڕەسمێکدا، وەزارەتی نەوتی عێراق خولی مۆڵەتپێدانی پێنجەم و شەشەمی تایبەت بە گەڕان و دۆزینەوەی بیرە نەوت و غازییەکانی لە ٢٩ کێڵگە ڕاگەیاند کە لە نێوان ١٢ پارێزگای عێراقدا دابەشکراون.

محەمەد شیاع سوودانی لە میانی ڕێوڕەسمەكەدا، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە دەستپێکردنی هەوڵێکی گەورەتری وەزارەتی نەوت و دەرفەتی زیاتر لەبارەی وەبەرهێنانی نەوت و غاز دادەندرێت کە ڕەنگدانەوەی لەسەر جومگەکانی ئابووریی نیشتمانی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، كارنامەی حكوومەتەكەیان، سیاسەتێکی نوێی لەخۆگرتووە کە لە شۆڕشی نەوتدا بەرەوپێش دەچێت و دەرگایەکی فراوان بۆ تێڕوانینی حکوومەت لەبارەی وەبەرهێنانی نەوت وغاز تەرخان دەکات.

باسی لەوەش كرد كە ئێستا عێراق لە هاوكێشەی وزە لە جیهاندا، ژمارەیەكی قورسە و وتی، ئێمە بەردەوام دەبێن لە تەواوكردنی پڕۆژەكانی تایبەت بە نەوت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێكی قسەكانی بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپیدان" و "بەنداوی فاوی گەورە" تەرخان كرد و ڕاگەیاند كە پلانیان داناوە، بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە سەدا ٤٠ی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پیشەسازییەکان بگوازنەوە.

لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی لە میانی ڕێوڕەسمەكەدا ئاماژەی بەوەدا، خولی مۆڵەتپێدانی پێنجەم و شەشەم لەچوارچێوەی كارنەمەی حكوومەتدا ڕاگەیاندراوە و وتی، ئەمڕۆ، ٢٩ پڕۆژەی گرنگمان لە چوارچێوەی ئەم مۆڵەتانەدا، خستووەتەڕوو، ئەوەش بە ئامانجی پێشخستنی پیشەسازی و سامانی غاز.

ڕاشیگەیاند، كە ئەم مۆڵەتانەدا، كاریگەریی لەسەر زیادكردنی دوو میلۆن بەرهەمێنانی نەوتی نیشتمانی دەبێت و وتی، لە داهاتوودا، بەرزبوونەوەی یەدەگی نەوتی عێراق بۆ ١٦٠ ملیار بەرمیل نەوت، ڕادەگەیەنین.

عێراق یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (OPEC) و لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە و ڕۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت.





#باشووری کوردستان
#عێراق
#نەوت