کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: ژێرخانێکی بەهێزی گازمان هەیە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین

11/05/2024
bafl talabani

دەنگوباس

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتۆن لەگەڵ ھەریەک لە ئامۆس ھۆچستاین، ڕێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیھانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

بافڵ  تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێمی کوردستان و کەرتی وزە ڕوونکردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەکرد، ھەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەھێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەکی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بکرێت.

وتیشی، پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، داھاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی ھەرێمەکەماندا بێت.

ھەر لە واشنتۆن، بافڵ تاڵەبانی لەلایەن نووسینگەی کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێکی بۆ سازکرا و ھەریەک لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاروباری سەربازی و سیاسی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کار، ئۆپەراسیۆنەکانی ململانێ و سەقامگیری، ھەواڵگری و لێکۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.

لەبارەی ھەڵبژاردن و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوون کرد و وتی، ھەمووان ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیتریش ھاوھەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەپڕۆسەی حوکمڕانی بێتە ئاراوە، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن ڕەتدەکەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.


#باشووری کوردستان
#ئەمریکا
#بافڵ تاڵەبانی