دەنگوباس
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کێشەی جوتیارانی گوندی پەڵکانە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، سوپای عێراق دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەداخەوە ماوی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بە ناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانەو پێکەوە ژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەستپێکرد، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستوور و یاسا دوا بڕیار بێت و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسای خۆیان بدەن، بەداخەوە تا بە ئێستا دەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون.
بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد دەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسوێنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەکان و بیان گەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هەموو لایەک دڵنیا دەکەین دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام ئەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانەو تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕای ئەگەیەنین جێ بەجێ کردنی دەستورو پابەند بوون بە بنەماکانی مادەی ١٤٠ زامنی چارەسەر بوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئهمڕۆ ههینی، دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و جوتیارانی كورد لە گوندی پەڵکانەی سنووری کەرکووک، سوپای عێراق دوو جووتیاری كوردی له سهرگهڕان دهستگیر كرد.
#عێراق