دەنگوباس
بەپێی ئەو خشتەیەی کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دایناوە، دەبێت لە دوای کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە هەڵمەتی بانگەشەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات.
هەرچەندە سەرجەم لایەنەکان دەیانگوت ئامادەن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بە هۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرجەمیان دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ناکرێت کە 10ی حوزەیرانی داهاتووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە بەردەوام جەختی لە ئەنجامدانی پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا دەکردەوە، تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەکی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەکردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا وەک لایەنەکانی دیکە، شەقامەکانیان بە ئاڵای حزب و پۆستەری کاندیدەکانیان دەتەنی.
لەگەڵ ئەوەشدا کە یەکێتی لە ڕاگەیاندندا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکردەوە، بەڵام بە بێدەنگبوونی لە دەستپێکردنی بانگەشە، ئەو گومانە زاڵ دەکات کە باس لەوە دەکرێت ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەگەڵ پارتی هەبووبێت بۆ دواخستنی پرۆسەکە.
#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان