دەنگوباس
دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری سلێمانیدا دەستیان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەردا گرت، خانمی یەکەمی عێراق ڕایگەیاند، ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە مەترسی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشوازیکرد لە گلین مایلز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری.
لەدیدارەکەدا، کە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، خانمی یەکەم ئاماژەی بەو کێشە مەترسیدارە کرد، کە بەرۆکی عێراقی گرتووە و بریتییە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان، لەم چوارچێوەیەدا پێویستی یەکخستنی هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم بەڵا مەترسیدارە دوپاتکردەوە، کە هەڕەشەیە لەسەر خێزان و کۆمەڵگە.
جێی ئاماژەیە، نزیکەی پێنج ڕۆژ پێش ئێستا سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەست بەسەرداگرتنی مەترسیدارترین کارگەی بەرهەمهێنانی تلیاک و کریستاڵ-ی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە سنووری سلێمانی ڕاگەیاند.
سۆران عومەر باسی لەوەکرد، کارگەکە ئامێری تایبەت بە دروستکردنی ماددەی کریستاڵ، حەپی کیبتاگۆن و مادەی خامی دروستکردنی تلیاک و کریستاڵ تێدایە.
#باشووری کوردستان
#عێراق