کوردستان

پێشەوا هەورامانی: ئەگەر مووچەخۆران لە بانكی (TBI)یش هەژمار بكەنەوە هەر لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان

09/05/2024
peshawa hawramani

دەنگوباس

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، مووچەخۆران لە بانكی (TBI)یش هەژمار بكەنەوە، هەر لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان نەك ڕاستەوخۆ لە بەغداوە.

وتیشی، پارەی بەغدا بۆ مووچەخۆران هەر لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت، "هەژماری من" ئەو ناوەیە كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان ناومانە لە پڕۆسەی “بە بانکیکردنی مووچە”.

ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا TBI بەشدارە لە پڕۆژەی “هەژماری من”، ئەمەش بژاردەی زیاتر دەدات بە هاووڵاتییان، ئەگەر مووچەخۆران لە بانكی TBIیش هەژمار بكەنەوە و خۆیان تۆمار بكەن، هەر لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە پارە دەخرێتە سەر هەژمارەكەیان، نەك ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەغداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، خۆشحاڵین بە بەشداریكردنی (TBI) لە پڕۆژەی "هەژماری من"، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەكێكە لە باشترین و گەورەترین بانكەكانی عێراق و لە هەرێمی كوردستان كار دەكات، ⁠بەشداری (TBI) بژاردەی زیاتر دەدات بە هاووڵاتییان، چونكە ئێستا هاوڵاتیان بژاردەی (7) بانكی پێشەنگیان هەیە تاكو بەدڵی خۆیان هەژمار لە یەكێكیان بكەنەوە، لە بانكی RT، جیهان، TBI، BBAC، بەغدا، بانكی ئیسلامی عێراقی و بانكی ئەهلی عێراقی.


#باشووری کوردستان